چیرۆکی فیلمەکە باس لە ئەفسەرێکی پۆلیسی ڕاستگۆ و دڵسۆز دەکات بە ناوی (یو داهای) کە لە شارۆچکەیەکی بچووکدا کار دەکات. بەهۆی ماندووبوونی ئەو و تیمەکەیەوە، ڕێژەی تاوان لە ناوچەکەدا بە تەواوی کەمدەبێتەوە. بەڵام ئەم سەرکەوتنە دەبێتە کێشە بۆیان، چونکە حکومەت بڕیار دەدات بەهۆی نەبوونی تاوانەوە ژمارەی پۆلیسەکان کەم بکاتەوە و ئەگەری زۆرە کارەکانیان لەدەست بدەن. بۆ ڕزگارکردنی کارەکانیان، تیمەکە ناچار دەبن بیر لە دروستکردنی کەیس و تاوانی ساختە بکەنەوە بۆ ئەوەی گرنگی خۆیان نیشان بدەنەوە. لەم کاتە هەستیارەدا، بە ڕێکەوت بۆری ئاوی ناو بنکەی پۆلیسەکە دەقێت. کاتێک چەند کەسێک دێن بۆ چاککردنەوەی بۆرییەکان، پۆلیسەکان تووشی شۆک دەبن چونکە بۆیان دەردەکەوێت ئەمانە وەستای ڕاستەقینە نین؛ بەڵکو کۆمەڵێک دزی شارەزان کە خۆیان وەک وەستا گۆڕیوە و دەیانەوێت گەنجینەیەکی مێژوویی بدزن کە سەدان ساڵە لە ژێر زەویی بنکەی پۆلیسەکەدا شاراوەتەوە. لەم خاڵەوە، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی پێکەنیناوی و پڕ لە شەڕ و ئاکشن دەست پێدەکات.